
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی پێنج ئەندامی گرووپە سەربەخۆکانی شاخەوانی و ژینگەیی لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەستدا نییە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی "کۆڵبەرنیوز" ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی پێنج شاخەوان و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوو هەفتە لەمەوبەر زیاتر لە ٣٠ چەکداری سەر بە فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەقز، بە شێوازێکی توندوتیژانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حەوت ئەندامی گرووپە سەربەخۆکانی شاخەوانیی (هەڵۆ) و (چیای سەوزی سەقز) و دەستبەسەریان کردوون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پاش ماوەیەک، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوان بە ناوەکانی "عەبدوڵا ئەمینی" و "ڕەحیم حەقپەرەست" ئازاد کراون، بەڵام پێنج کەسەکەی دیکە بە ناوەکانی: محەمەد حەکیمپوور، مستەفا قادری، محەمەدسالح حسێنی، حسێن عەبدوڵاهی و خالید ڕەحیمی، تا ئێستاش لە بێسەروشوێنیدا هێڵدراونەتەوە.
نزیکانی ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاندووە کە دەستبەسەرکراوان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕاگرتنیاندا ڕووبەڕووی لێدان و سووکایەتی پێکردن بوونەتەوە. هەروەها تا ئێستا لە مافەکانی وەک پەیوەندیی تەلەفۆنی، دیداری خێزانی و هەبوونی پارێزەر بێبەش کراون، ئەمەش نیگەرانیی توندی لەسەر تەندروستییان لای بنەماڵەکانیان دروست کردووە.
دەربارەی گرووپی شاخەوانی چیای سەوز و هەڵۆ
گرووپەکانی شاخەوانیی (چیای سەوز) و (هەڵۆ)، دوو ڕێکخراوی سەربەخۆی مەدەنی و ژینگەیین لە شاری سەقز کە لە بواری پاراستنی سروشت و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشدا چالاکی دەکەن. ئەندامانی ئەم دوو گرووپە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، چالاکییەکی هاوبەشیان بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی (تاڵەسوار)دا بەڕێوە بردبوو.
سەرەڕای بەردەوامیی گوشارە ئەمنییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ سەر ئەندامانی ئەم ناوەندە مەدەنییانە، دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاساییان سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون، بە فەرمی ڕانەگەیاندووە.
٢١/١٠/٢٠٢٦








